سیمیناری "یاسای ناکۆکیی چەکداری" لە لیوای ٤ی پیادە پێشکەش کرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-لە درێژەی هەماهەنگی و چالاکییە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لە هەرێمی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی ئابی٢٠٢٢، تیمێکی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیی هۆشیاریی نیشتیمانی و خاچی سوور، کە پێکهاتبوون لە ئولیفەردیل پال، نێردەی خاچی سوور لە عێراق بۆ هێزە سەربازییەکان و لوقمان رەشید، بەرپرسی هەماهەنگیی ئاسایش-سەربازیی خاچی سوور لە هەرێمی کوردستان و فڵامەرز محەمەد، بەرپرسی ئۆفیسی دهۆکی خاچی سوور و رائید حوسێن عەبدولڵا، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی هۆشیاریی نیشتیمانی، سەردانی لیوای ٤ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگەیان کرد و سیمینارێکی تایبەتیان بە ئەفسەر و کارمەندانی بەشی هۆشیاری لەژێر ناوی "یاسای ناکۆکیی چەکداری" ئەنجام دا.
سەرەتا لەلایەن عەمید روکن محەمەد عەبدولڵا، فەرماندەی لیوای ٤ی پیادە و رائید لوقمان عیزەدەین، بەرپرسی بەشی هۆشیاریی لیوای ٤، پێشوازییەکی گەرم لە تیمی هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتیی هۆشیاری و خاچی سوور کرا.
دواتر لە سمینارەکەدا، کە سەرجەم ئەفسەر و کارمەندانی بەشی هۆشیاریی لیوای ٤ ئامادەی بوون، لەلایەن تیمی خاچی سوورەوە لە چەند وانە و تەوەرێکدا، یاسا و بنەما سەرەکییەکانی یاسای ناکۆکیی چەکدارییان بۆ بەشداربووانی سمینارەکە باس کرد. بە وردی شرۆڤە و ڕوونکردنەوەی پێویستیان لەوبارەیەوە خستەڕوو.
لەمیانەی سیمینارەکەدا، گفتوگۆ و چەندین پرسیار و وەڵام لەنێوان تیمی خاچی سوور و بەشداربووانی سمینارەکە لەسەر بابەتی سمینارەکە ئاراستەکران و گەنگەشەیان لەبارەوە کرا.
پاش زیاتر لە ٤ کاتژمێر، سمینارەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهات و جێگەی سوود و ڕەزامەندیی هەردوولا بوو.