سەرۆکی ئەرکان پێشوازی لە سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی ئابی٢٠٢٢، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە رێڤینگ هرووری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە و ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لە لیژنەی پێشمەرگە کرد.
لە سەرەتای دیدارەکەدا، شاندی میوان پیرۆزبایی دەستبەکاربوونیان لە سەرۆکی ئەرکان کرد، هیوایان خواست لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا سەرکەوتوو بێت.
دواتر، هەردوولا سەبارەت بە یاسا و رێنماییەکانی پەرلەمانی کوردستان، تایبەت بە پێشمەرگە و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە گفتوگۆیان کرد.
سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە، ئامادەیی دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی وەزارەت لە تەواوی بوارەکاندا و داوای کرد کە هاوکاری و هەمانگیی نێوان هەردوولا لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری پێشمەرگە باشتر بکرێت.
سەرۆکی ئەرکان سوپاسی هەڵوێستەکانی لیژنەی پێشمەرگەی لە پەرلەمان کرد و پوختەیەکی سەبارەت بە پلان و کارنامەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئایندەدا، بۆ شاندی میوان خستەڕوو.
راشیگەیاند "بە هاوکاریی پەرلەمانی کوردستان دەتوانن مافەکانی پێشمەرگە و داخوازییە سەربازییەکان بەیاسایی بکەن".