لە سەردانێکیدا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کونسوڵی گشتیی بەریتانیا جەختی لە پشتیوانیی پێشمەرگە کردەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢١ی ئابی ٢٠٢٢، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە پێشوازی لە دەیڤد هەنت کونسوڵی گشتیی وڵاتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و کۆڵۆنێڵ ڕۆب درایڤەر ڕاوێژکاری سەربازیی بەریتانیا لە هەرێم کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەت و عەمید ڕوکن محەمەد بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەبوون، وەزیری پێشمەرگە بە گرنگییەوە باسی لە سەردانەکەی شاندی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ وڵاتی بەریتانیا کرد و دەرئەنجامی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سەربازیی ئەو وڵاتە خستەڕوو.
هەروەها ڕاشیگەیاند "دڵخۆشین بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتی بەریتانیا، هاوکار و پاڵپشتییەکانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەرزدەنرخێنین".
لە بەشێكی تری کۆبوونەوەکەدا، پرسی مەترسییەکانی ئێستای داعش لە ناوچەکەدا تاووتوێ کرا.
وەزیری پێشمەرگە گوتی "هەردوولا هاوڕابووین کە داعش هێشتا لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە و جیهانیش هەڕەشە و مەترسییەکی ڕاستەقینەیە؛ لەم پێناوەدا بە هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە، چەندین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان دژی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکەدا ئەنجام داوە".
دەیڤد هەنت کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم، دڵخۆشیی خۆی بۆ سەردانەکەی شاندی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ وڵاتی بەریتانیا دەربڕی و هیوای خواست ئەم سەردان و کۆبوونەوانە لەنێوان هەردوولادا بەردەوام بن.
لە پێناو چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و سەقامگیری ناوچەکەدا پاڵپشتی و پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتکردەوە.