وەزارەتی پێشمەرگە و شاندێکی سەربازی و ڕاوێژکاریی هۆڵەندا جەختیان لە پشتیوانیی هاوبەش کردەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٥ی ئابی ٢٠٢٢، سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ بارت ڕاوێژکاری سەربازیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان و جەیڵی دویتس ڕاوێژکاری سیاسی لە کونسوڵخانەی هۆڵەندا لە هەولێر کرد.
لە دیدارێکدا کە عەمید ڕوکن محەمەد سەعید بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکان ئامادەی بوو، بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و ئەو ئاڵۆزییانەی لە بەغدا هەن و کاریگەرییەکانیان لەسەر دۆزی تەناهیی عێراق و هەرێمی کوردستان تاووتوێ کران و ئەو مەترسییانەی کە بارودۆخی سیاسیی عێراق لەسەر ئاسایشی ناوچەکە درووستیکردووە خرانە بەر باس.
هەروەها ئاماژەیان بە هەوڵەکانی هاوپەیمانان بەتایبەت لە بواری چاکسازی لەژێر ڕۆشنایی یاسای ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٠ی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو بڕگە و بابەتانە کرد کە پەیوەندییان بە وەزارەتی پێشمەرگەوە هەیە؛ لەوانە: یەکخستنی هێزەکان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا، خانەنشینی و پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران و ڕێکخستنەوەی دۆسیەکانی ئەفسەران و کارمەندان، درووستکردنی فیرقە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە.
لەم بارەیەوە بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند "لەم نزیکانەدا لەڕووی پراکتیکییەوە ئەنجامی دامەزراندنی یەکە سەربازییەکانی درووستکردنی فیرقەکان دەبینرێت، کە ڕۆڵی تەواو دەبینن لە فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵکردنی هێزەکان.
هەر لەو دیدارەدا بریکاری وەزارەت لەگەڵ شاندی میوان ئاماژەی بە هاوکارییەکانی هاوپەیمانان دا و خوازیاریی زیاتری هاوکاری و هەماهەنگی لە وەزارەتی بەرگری عێراق دووپاتکردەوە، کە تا ئێستا وەک پێویست ئاسانکاری بۆ ئەوە ناکرێت پشکی پێشمەرگە لە هاوکارییەکان بگات بە وەزارەتی پێشمەرگە، لە کاتێکدا پێشمەرگە هۆکاری دڵنیایی و ئارامییە لە ناوچەکەدا.
لە کۆتاییدا تیشک خرایە سەر دۆستایەتی و پەیوەندیی بەردەوامی نێوان هاوپەیمانان و هێزەکانی پێشمەرگە و پتەوکردنی پەیوەندیی هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگری و جەخت لەسەر بەردەوامی و بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان کرایەوە.