Skip to the content

وەزارەتی پێشمەرگە چەند خولێک بۆ ئەفسەرانی بەڕێوەبەرایەتیی گەیاندن دەکاتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- لە درێژەی ئەو زنجیرە خولانەی کە بنکەی مەشق و راهێنانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گەیاندن (ٳتصالات) بۆ بەرزکردنەوەی توانای ئەفسەران و کارمەندان لەسەر ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی سەربازی دەیکاتەوە، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی ئابی ٢٠٢٢، بنکەی مەشق و راهێنانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی میرەی گشتی، خولێکی ١٠ رۆژەی بۆ ٣ ئەفسەر و ١٣ کارمەند و ئەندازیاری بەڕێوەبەرایەتییەکە کردووە. 

هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی گەیاندن خولی بنەڕەتیی ئەفسەرانی بۆ ماوەی ٢ مانگ بۆ ئەفسەرانی گەیاندنی لیواکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە کردووەتەوە و وانەکانی ئەو خولانە لەلایەن ئەندازیاران و شارەزایانی تایبەت دەگوترێنەوە.
 لەو خولانەدا بەشداربووان راهێنان لەسەر کۆنتڕۆڵ و چاودێری و پڕۆگرامکردنی سیستەمی DMR و چۆنییەتی دانان و بەستنی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی سەربازی دەکەن.

 سیستەمی DMR پڕۆژەیەکی سەرتاسەری هەرێمییە و  یەکێکە لەپرۆژە گرنگ و ستراتیژییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گەیاندن کە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بە وەزارەتی پێشمەرگەوە دەبەستێتەوە بۆ مەبەستی قسەکردن و ناردنی داتاو زانیاری.
ئەم پڕۆژەیە لەساڵی ٢٠١٦ لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕی ١٥ ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکرا و لە ساڵی ٢٠٢٠ دەست بە جێبەجێکردنی کرا؛ لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٢ رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی گەیاندنی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە کرا.