Skip to the content

پشکنینی گشتیی فێرکاری بۆ لیوای ١٥ی پیاده ئەنجام درا

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە ڕێکەوتی ٢٩ و ٣٠ی ئابی ٢٠٢٢، لە درێژەی کار و چالاکیەکانی بەڕێوەبەرایەتی پشکنینی گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، بە مەبەستی باشتر کردنی ئەدا و ڕاپەڕاندنی ئەرک و کارەکانی لیوایەکانی پیادە و یەکە سەربازییەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، بە پێی پلانێکی تۆکمە و ئامادەکراو، بەڕێوەبەرایەتی پشکنینی گشتی (المفتشیة العامة)، پڕۆسەی پشکنینی گشتیی فێرکاری بۆ لیواکانی پیادە و یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام دەدات، بۆ ئەم مەبەستە پشکنینی فێرکاریان بۆ لیوای ١٥ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام دا.

لیژنەی پشکنەرانی وەزارەت، بە سەرۆکایەتی لیوا روکن هۆگر سەلاحەدین، بەڕێوەبەری پشکنینی گشتی، بە ئەندامێتی عەمید روکن فەرهاد، جێگری بەڕێوەبەری پشکنینی گشتی و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی پشکنەر، لە چەند بەشێکی جیاواز، تەواوی بەشەکانی بارەگای لیوای ١٥ و فەوجەکانیان، وەک کارگێڕی و تۆماری ڕۆژانە، کۆگای سوتەمەنی و چەک، کۆگای خۆراک، جبەخانە و ئامادەباشی فەوجەکان و سریەی کۆماندۆ و سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەیان پشکنی.
شایانی باسە، ئەم پڕۆسەیە بەردەوام دەبێت، سەرجەم لیوا و یەکە و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە پشکنینیان بۆ ئەنجام دەدرێت.