بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازی لە بالیۆزی هیندستان لەعێراق کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ ١٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢، سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازی لە پراشانت پایس، باڵیۆزی هیندستان لە عێراق و سوبهاش کین، کونسوڵی گشتی هیندستان لە هەرێمی کوردستان کرد.
لەدیدارێکدا کە عەمید عوسمان محمد، بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتیمانی و عمید روکن محمد سعید، بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت ئامادەی بوون، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی شاندی میوان دەربڕی و رایگەیاند:''نزیکییەک لە نێوان هەرێمی کوردستان و هیندستان لە رووی کلتوروی و کۆمەلایەتی و فەرهەنگیەوە هەیە و پێگەی هیندستانیشی لە ناوچەکە بەگرنگ وەسفکرد و گوتی:''چاومان لەبەهێزکردنی پەیوەندییەکانە و ئامادەیی هەموو هاوکاری کار ئاسانێکین بۆئەم مەبەستە.''
بالیۆزی هیندستان لەعێراق رایگەیاند، دەیانەوێت لەنزیکەوە پەیوەندییەکی پتەویان لەگەڵ دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نێویشیاندا وەزارەتی پێشمەرگە هەبێت و ئامادەیی وڵاتی هیندستانیشی دەربڕی بۆ وەرگرتنی ئەفسەر وکارمەندانی وەزارەتی پێشمەرگە کە هەڵیان هەیە بۆ ئەوەی لە کۆلێژ و زانکۆکانی هیندستان لە هەردوو بەشەکانی ئاسایش و ستراتیژی درێژە بەخوێندنی باڵا بدەن و بروانامەی بەرزی سەربازی وەربگرن.
باڵیۆزی هیندستان ئاماژەی بەوەشدا کە هیندستان لەرووی زانستی پزیشکی لە ئاستێکی بەرزدایە و لەم روەشەوە ژمارەیەکی زۆر نەخۆشەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەو وڵاتەیان کردوە و سوودیان لە چارەسەریەکانی ئەو وڵاتە وەرگرتووە.
باڵیۆزی هیندستان ئاماژەی بەوەشدا کە هیندستان لەرووی زانستی پزیشکی لە ئاستێکی بەرزدایە و لەم روەشەوە ژمارەیەکی زۆر نەخۆشەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەو وڵاتەیان کردوە و سوودیان لە چارەسەریەکانی ئەو وڵاتە وەرگرتووە.