فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی یەک خولی چوارەمی بنەڕەتی (مدفعیة)ی بەکۆتاهێنا
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی دووشەممە ٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢، لە ڕێورەسمێکدا، خولی چوارەمی بنەڕەتی فەرماندەیی هێزەكانی پشتیوانی یەک بە سەرپەرشتیی سیهاد بارزانی، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی یەکی سەر بە وەزاڕەتی پێشمەرگە کۆتاییهات.
لە سەرەتای ڕێورەسمەکەدا فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی یەک تیشکی خستە سەر گرنگیی ئەم جۆرە خولانە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی توانای هێزەکانی پێشمەرگە بۆ پاڵپشتیکردنی زیاتری هێزەکانی پیادە لە بەرەکانی جەنگدا. هاوکات سوپاسی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد.
لەم خولەدا (٢٨) ئەفسەری پێشکەوتووی هێزەکانی پشتیوانی یەک بۆ ماوەی سێ مانگ بە شێوەیەکی چڕوپڕ مەشقیان لەسەر چەکە قورسەکان کرد.
لە رێوڕەسمەکەدا، نمایشێکی سەربازی لە گۆڕەپانی (میدان الرمی) لە لایەن ئەفسەر و کارمەندانی بەشداربووی خولەکە لەسەر چەکە قورسەکانی وەک (هاوەن، جۆرەکانی تۆپ و چەکی گراد) بەڕێوەچوو.
فەرماندەی هێزی پشتیوانی یەک سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە ئەرکی پاڵپشتیکردنی هێزەکانی پیادەی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لە ئەستۆدایە و لە شەڕی دژی داعش، بۆ سەر خستنی هێزەکانی پێشمەرگە ڕۆڵی گرنگ و یەکلاکەرەوەی هەبووە.
لە مەراسیمەکە هەر یەک کە لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، کۆڵۆنێڵ سۆریا بەرپرسی تیمی راوێژکارانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، ماک دیمی کەیلا راوێژکاری هێزەکانی ئەڵمانیا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، ئەفسەرانی باڵای وەزارەتی پێشمەرگه ئامادە بوون.