رێوڕەسمێک بە بۆنەی یادی سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا بەڕێوەچوو
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-رۆژی شەممە ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بە بۆنەی پێنجەمین ساڵیادی سەرکەوتن بەسەر داعشدا رێوڕەسمێک بەڕێوەچوو، کە فەرماندەیی گشتیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئامادەی کردبوو.
لە رێوڕەسمەکەدا، کە نوێنەری بەشێک لە بنەماڵەی شەهیدانی هێزەکانی پێشمەرگە، هاوشان لەگەڵ بەشێک لە بنەماڵەی شەهیدانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئامادەی بوون، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ستایشی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانی عێراقیکرد، کە قارەمانانە رووبەڕووی تیرۆریستان بوونەوە و توانیان بەسەریاندا سەربکەون، هەروەها یادی شەهید و بریندارەکانی کردەوە، کە ئازایانە جەنگان و بە خوێنی ئەوان ئەم سەرکەوتنە تۆمار کراوە.