شاندێکی سەربازی هێزەکانی ئیتالیا سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-رۆژی یەکشەممە ١٢ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازی لەکۆڵۆنێڵ دانیال، فەرماندەی هێزەکانی ئیتالیا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەریکرد.
لەو دیدارەدا فەرماندەی هێزەکانی ئیتالیا لە هەرێمی کوردستان کۆڵۆنێڵ ئێریکۆی، وەک جێگری فەرماندەی هێزەکانی ئیتالیا لە هەرێمی کوردستان بە وەزارەتی پێشمەرگە و سەرۆکی ئەرکان راگەیاند.
لەلای خۆیەوە سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە ستایشی کارەکانی راوێژکارانی هێزەکانی ئیتالیای لە هەرێمی کوردستان کرد، بەتایبەت لە بوارەکانی مەشق و هەماهەنگی و هاوکارییەکانیان و پێدانی راوێژ بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
سەرۆکی ئەرکان راشیگەیاند:''شانازی بە پێکەوەکارکردنی هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان لەنێویاندا هێزەکانی ئیتالیا دەکەین، دەستنیشانکردنی جێگری فەرماندەی هێزەکانی ئیتالیا لە هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی گرنگ و پێویستی دەزانین بۆ زیاتر کارکردنی پێکەوەیمان وسەرخستنی ئەو پرۆژانەی کە جێگای بایەخی هەمووانە.''