هەرێمی کوردستان و وڵاتی هەنگاریا هەماهەنگیی سەربازی بەهێزتر دەکەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێکەوتی ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، عەمید روکن محەممەد سەعید، بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە مێجەر گابوور سووچ، بەڕێوەبەری ئۆفیسی پەیوەندییە سەربازییەکان لە کونسوڵگەریی گشتیی هەنگاریا لە هەولێر کرد.
لە دیدارێکدا تاووتوێی باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی سەربازیی هەنگاریا لە هەرێمی کوردستان کرا، هاوکات باس لە بەرنامە و پلانی داهاتووی تیمی ڕاوێژکارانی سەربازیی وڵاتی هەنگاریا لە هاوپەیمانییەتیی نێودەوڵەتی بۆ کارکردن لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرا.
بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت سوپاسی تیمی سەربازی و ڕاوێژکارانی هەنگاری لە هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: "دڵخۆشین کە دەبینین دۆستانمان لە هاوپەیمانییەتیی نێودەوڵەتی، لەڕووی لۆجستی و ڕاوێژکارییەوە هاوکارێکی باشی حکوومەتی هەرێم و هێزی پێشمەرگە بوونە."