Skip to the content

پشکنینی گشتی بۆ لیواکانی پێشمەرگە بەردەوامە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- لە درێژەی کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ باشترکردنی توانا و راپەڕاندنی ئەرک و کارەکانی لیواکانی پیادە و یەکە سەربازییەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتی، پڕۆسەی پشکنینی گشتیی فێرکاری بۆ لیواکانی پیادە و یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام دەدات. بۆ ئەم مەبەستە ڕۆژانی ١١ و ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، پشکنینی گشتییان بۆ لیوای ١١ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە کرد.

لیژنەی پشکنەرانی وەزارەت، تەواوی بەشەکانی بارەگای لیوای ١١ی پیادە و فەوجەکانیان، وەک کارگێڕی و تۆماری ڕۆژانە، کۆگای سووتەمەنی و چەک، کۆگای خۆراک، جبەخانە و ئامادەباشیی فەوجەکان و سریەی کۆماندۆ و توندوتۆڵی و تۆکمەیی سەنگەرەکانی لیواکە پشکنی.

تیایدا ڕێکار و ڕێنمایی نوێیان بە بەشەکانی لیواکە دا. لای خۆیانەوە بەشەکانی لیواکە وەڵامدانەوەیەکی باشیان هەبوو، ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان بەپێی ئەو رێکار و رێنماییە نوێیانە کە لەلایەن پشکنەرانەوە پێیاندراوە.
شایانی باسە ئەم پڕۆسەیە بەردەوام دەبێت، تاوەکوو سەرجەم لیوا و یەکە و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە پشکنینیان بۆ دەکرێت.