Skip to the content

وەزیری پێشمەرگە پێشوازی لە وەزیری نوێی بەرگری ئەڵمانیا کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئێوارەی ئەمڕۆ ۹ی ۱ی ۲۰۲۲ لەرێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم، پێشوازیکرد لە خاتوو کریستینە لامبرێشت، وەزیری نوێی بەرگری ئەڵمانیا.
لەمیانی ئەو پێشوازییەدا، دڵشاد بارزانی، نوێنەری حکومەتی هەرێم لەئەڵمانیا و فەریق جەمال محمد، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەت و کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لەهەولێر و فەرماندەی هێزەکانی ئەڵمانیا ئامادەیبوون.

دوای پێشوازی لەوەزیری بەرگری ئەڵمانیا، وەزیری پێشمەرگە و سەرۆکی ئەرکان، بەشداری كۆبوونه‌وه‌يەکی باڵای نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و وەزیری بەرگری ئەڵمانیا و شاندی سەربازی و دیبلۆماسی یاوەری کرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پيرۆزباييى ده‌ستبه‌كاربوونى خۆى و حكوومه‌تى نوێى ئه‌ڵمانيا و ساڵى تازه‌ى له‌ خاتوو لامبرێشت و له‌ هێزه‌كانى ئه‌ڵمانيا كرد و سه‌ردانه‌كه‌ى له‌م قۆناغه‌ هه‌ستياره‌ى عيراقدا به‌ گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا، هه‌روه‌ها سوپاسى ئه‌ڵمانياى كرد بۆ پشتگيريكردنى عيراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى تيرۆردا، جه‌ختى له‌وه‌ش‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى داعش كۆتايى نه‌هاتووه‌ و نه‌هێشتنى تيرۆر ته‌نيا له‌ رێى سه‌ربازييه‌وه‌ نابێت، به‌ڵكوو هه‌نگاوى سياسيشى پێويسته‌.
هەر لە کۆبونەوەکەدا، هەردوولا هاوڕا بوون، كه‌ شه‌ڕى دژى داعش هێشتا كۆتايى نه‌هاتووه‌ و مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌كانى تيرۆر له‌ ناوچه‌كه‌، مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌ى سه‌ر ئارامى و سه‌قامگيريى ئه‌ورووپا و ڕۆژئاواشن.

پێشهاته‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و مه‌ترسييه‌كانى داعش، پێداچوونه‌وه‌ به‌ ئه‌ركى هێزه‌كانى ئه‌ڵمانيا له‌ عيراق و دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى تاوتوێ كران.
لاى خۆيه‌وه‌، خاتوو ‌لامبرێشت، وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى به‌رده‌واميى پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ عيراق و هه‌رێمى كوردستان، گه‌شبينيى خۆى به‌ داهاتووى‌ كارى هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌يى له‌گه‌ڵ عيراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و سوپاس و پێزانينى ئه‌ڵمانياى بۆ ڕۆڵ و قوربانييه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و تێكشكاندنى داعشدا، دووپات كرده‌وه‌.