وەزارەتی پێشمەرگه، سەرجەم فۆڕمی ئاشکراکردنی بەرژەوەندیە داراییەکانی دەستەی نەزاهەی پڕکردۆتەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- دوای ڕاسپاردنی دەستەی نەزاهەی هەرێم بۆ ئاشکراکردنی موڵک و ماڵی بەرپرسان و بەرژەوەندیە داراییەکانیان، لەهەنگاوێکی پڕ بایەخدا دوای بڕیاری وەزیری پێشمەرگە، سەرجەم ئەفسەرانی پلە باڵا لە پلەی مقەدەم تا وەزیر، فۆڕمی ئاشکراکردنی موڵک و ماڵیان پێ پڕکرایەوە کە کۆی گشتی فۆڕمەکان ۱۱۲۱ فۆڕم بوون و وەک قۆناغی یەکەمی پڕۆسەی چاودێری دارایی کۆتاییان هات.
عەقیدی مافپەروەر، نەوزاد خدر شەنگه، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە دەستەی نەزاهە، ئاشکرای کرد، کە دوای بڕیارەکەی دەستەی نەزاهە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو، لەلایەن لیژنەیەکەوە فۆڕمی ئاشکراکردنی موڵک و ماڵی بەرپرسان و ئەفسەرانی باڵای وەزارەت پڕ کراوەتەوەو بە لیستێک ڕەوانەی دەستەی نەزاهە کراوەتەوە.
نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە دەستەی نەزاهە ڕوونیشیکردەوە، ئەم هەنگاوەی پێشمەرگە یەکانگیرە لەگەڵ ئەو هەنگاوانەی کە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ڕیفۆرمی وەزارەت و دروستکردنی دامەزراوەی سەربازی ناویەتی.
عەقید نەوزاد، وتیشی: لە ئێستادا فۆڕمێکی تر بە لیژنەکەیان سپێردراوە لەلایەن دەستەی نەزاهەوە، کە بریتیە لە پڕکردنەوەی فۆڕمی بەڵێنامەی ڕەفتاری پیشەیی، کە تەواوی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەکانی ۷۰ و ٨۰ و یەکەکانی پشتیوانی ۱ و ۲ دەگرێتەوە.