ڕێوڕەسمی کۆتایی خوولی بەردەوامی و لۆجستی لە میرەی گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەچوو
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی ٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، بە ئامادەبوونی عەمید ڕوکن ئەمیر خورشید، بەڕێوەبەری میرەی گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، عەقید فەرمان فەرهاد جێگری بەڕێوەبەری میرە، کۆڵۆنێڵ دۆگڵاس بەرپرسی تیمی هاریکاری ئاسایشی ئەمەریکا لە هەرێم و ژمارەیەک لەئەفسەران و پلەداران، ڕێوڕەسمی کۆتایی خوولی ئیدامە و لۆجستی بەڕێوەچوو.
لە خوولەکەدا، کە بۆ ماوەی چوار هەفتە بەردەوام بوو، ٤٠ ئەفسەر و پلەداری بەڕێوەبەرایەتی میرەی گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بەشداریان تێدا کرد، تێیدا بەشداربووان فێری چۆنیەتی لێخوڕین و بەکارهێنانی شۆفڵ و هەمەڕی سەربازی کران و لەکۆتاییشدا، بڕوانامە بەسەر بەشداربووانی خوولەکەدا، دابەش کرا.
پێش دەستپێکردنی ڕێوڕەسمی کۆتایی خوولەکە، کۆبوونەوەیەک لەنێوان بەرپرسانی میرەی گشتی وەزارەتی پێشمەرگە و تیمی هاریکاری ئاسایشی ئەمەریکا لە هەرێم بەڕێوەچوو، لەو کۆبوونەوەیەدا، باس لە گرنگی کردنەوەی خوولی لەوجۆرە و ڕاهێنانی ئەفسەران و کارمەندانی هێزەکانی پێشمەرگە کرا، بە ئامانجی برەودان بە بەهرەو پشتبەستن بە هێز و تواناکانیان.