Skip to the content

جەنەڕاڵ دۆسیج: "لە پشتیوانی و هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبین"

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی ۲۷ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، لە میانی سەردانی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و کۆبوونەوەی لەگەڵ شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی کوردستان، جەنەڕاڵ دۆسێج بەرپرسی ڕاوێژکارانی باڵای سەربازی هاوپەیمانان لە عێراق و کۆڵۆنێڵ بۆڵس بەرپرسی دەستەی ڕاوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان لە هەولێر و وەفدی یاوەری، پیرۆزباییان لەفەریق ڕوکن عیسا عوزێر سەرۆکی دەستەی ئەرکان و لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد سدیق ئەمینداری گشتیی وەزارەت کرد، بەبۆنەی دەست بەکاربوونیان لەپۆستی نوێدا. 
لە کۆبوونەوەیەکیشدا، لەبارەی دوایین هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لە پڕۆسەی یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزەکان و پڕۆسەی چاکسازی، لە تەواوی سێکتەرە سەربازی و ئیدارییەکاندا لە وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها پرسی دوایین جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش، ڕووبەڕووبوونەوە و لە ناوبردنیان لە تەواوی ناوچەکە، بە هەماهەنگی سوپای عێراق لە ڕێگەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش، گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
وەزیری پێشمەرگە، وێڕای ستایشی تەواوی هێزەکانی هاوپەیمانان، کە هەمیشە پشتیوانی وەزارەتی پێشمەرگەن ڕایگەیاند: پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە و لەم پێناوەشدا، هەوڵەکانمان چڕ کردۆتەوە، توانیومانە گۆڕانکاری زۆر لە بوارەکانی سەربازی و ئیداریدا بکەین لە وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها وتیشی: بە هەوڵ و پشتیوانی بەردەوامی هێزەکانی هاوپەیمانان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەنگاو دەنێین بۆ دروستبوونی هێزێکی نیشتیمانی بەهێز، لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا.
لەلای خۆیەوە، جەنەڕاڵ دۆسێج، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها باسی لە هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی ماوەی ڕابردوو کرد، کە بۆتە جێگەی سەرنج و دڵخۆشی ئەوان، ڕاشیگەیاند: هیوادارین وەزارەتی پێشمەرگە، بەردەوام بێت و لەم پێناوەدا پاڵپشتی و پشتیوانی خۆی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپات کردەوە.
لەدوای کۆبونەوەی لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە، جەنەڕاڵ دۆسیچ، سەردانی فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی دەستەی ئەرکان و لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەت کرد و پیرۆزبایی لێکردن، بە بۆنەی ئەرکی نوێیان، هاوکات هیوای خواست بە دەست بەکاربوونیان لە سەرۆکایەتی ئەرکان و ئەمینداریەتی گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، گۆڕانکاری جۆریی زیاتر بکەن، لە ڕێگەی ئەوانیشەوە پڕۆسەی چاکسازی فراوانتر و خێراتر بکرێت.