Skip to the content

سیمینارێك ده‌رباره‌ی ستراتیجیەتی میدیا و هۆشیاریی سەربازی به‌ڕێوه‌چوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی٣١ی ئایاری ٢٠٢٢، بەڕێوەبەرایەتی هۆشیاری نیشتیمانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتیمانی، سیمینارێکی لە شاری هەولێر لەژێر ناونیشانی پێشمەرگە لە پرۆسەی نوێکردنەوەی تواناکانی هۆشیاریدا، بەڕێوە برد.
له‌ سیمیناره‌كه‌دا کیریمیس ستافرۆس کونسوڵی گشتی یۆنان لەهەرێمی کوردستان، عەمید عوسمان محەمەد بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتیمانی وەزارەتی پێشمەرگە، عەمید شوان مەحمود بەڕێوەبەری هۆشیاری و ئەفسەرانی بەشی هۆشیاری لیواکان و بنکەکانی مەشق ئاماده‌ی بوون، سه‌ره‌تا بە دەقیقەیەک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان دەستی پێکرد، پاشان عەمید شوان مەحمود لە وتەیەکدا پوختەیەکی دەربارەی ئامانجی سیمیناره‌كه‌ بۆ بەشداربووان ڕوونکردەوە.
لای خۆیه‌وه‌ کونسوڵی گشتی یۆنان لە وتەیەکدا گوتی: ئەمڕۆ من خۆشحاڵم لە نزیکەوە چاوم بە ئەفسەرانی پێشمەرگە دەکەوێت، چونکە ڕۆژانێک شەریان لە دژی داعش و تیرۆر کردووە، بەڵام پێویستە ئێستا لەپاڵ شەڕی مەیدانیدا، شەڕی میدیاییش دژی دوژمنانتان بەڕێوە ببەن، پاشان کونسوڵی یۆنان ئەندامانی شاندی یاوەری ناساند و کورتەیەکی دەربارەی ئەزموونی کارکردنیان بۆ ئامادەبووان باس کرد.
دواتر، عەمید عوسمان محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و هۆشیاری نیشتیمانی، پڕۆژەی ستراتیجیەتی میدیا و هۆشیاری سەربازی لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا، خستەڕوو و ڕایگەیاند: ئێمە لە قۆناغی سەرەتای کارکردنین لە شانەی ڕاگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگە، بۆ ئەوەی پەرە بەو بوارە بدەین پێویستمان بەو جۆرە سیمینار و چالاکیانە هەیە، بە چالاکبوون و گەشەپێدانی ئەو بوارە لەناو ڕیزەکانی پێشمەرگەدا، هێزی پێشمەرگەی کورستان پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێی میدیای سەربازی و بەتەواو بوونیشی هەنگاوێکی باش دەچێتە پێشەوە.
لە تەوەرێکی تری سمینارەکەدا، پرۆفیسۆر و ئەکادیمیست سێوفانیس پاپا ساناسیو ئەندام لە زانکۆی ئەریستۆتڵ بە هاوکاری لەگەڵ پرۆفیسۆر نیکۆس پانایوتو، باسیان لە گرنگی ستراتیجیەتی شەڕی میدیایی کرد و تیشکیان خستە سەر خاڵە گرنگ و ئەرێنیەکانی پلاتفۆرمی سۆشیاڵ میدیا بە هەموو جۆرەکانیەوە، لەمبارەیەوە، هەردووکیان هاوڕابوون، کە شەڕی میدیایی پلان و تاکتیکی شەڕ دەگۆڕێت و لە بەرژەوەندی ئەو لایەنە دەبێت، کە ئەزموونی هەبێت و بزانێت چۆن ئیدارەی شەڕی میدیایی بدات و لە بەرژەوەندی ئەویش کۆتایی پێ دێت، بە تایبەت، کە ئێستا وڵاتانی زلهێز کار لەسەر پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی هونەرەکانی ئەو بوارە دەکەن، لەڕێگەی سۆشیاڵ میدیا بە هەموو جۆرەکانیەوە.
تەوەرێکی تری ئەو سیمینارە، گفتوگۆ کردن بوو لەسەر کۆمەڵێک بابەتی میدیای سەربازی، لەوانە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوەکان و بابەتە فکرییەکان بۆ ئەوەی میدیا بزانێت، کە خوێنەر و بینەر چی دەوێت و چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو واقیعە نوێیە بکرێت، کە میدیا خوڵقاندوویەتی، لەو حاڵەتەشدا پێویستیان بە دروستکردنی پڕوپاگەندەی تەندروست هەیە، ئەویش بە چەند قۆناغێک تێدەپەڕێت، تا دەبێت بەو پڕوپاگەندەی، کە ئامانجیانە، قۆناغەکانیش لەلایەن ئامادەبووان شیکرانەوە و بەتێکڕا لەسەر ئەو بابەتە ڕاگۆڕینەوەیان هەبوو.
لەکۆتایی سمینارەکەدا، کە زیاتر لە(٦) کاتژمێری خایاند، بە گفتوگۆی زانستی و بایەخدار، سەرنج و تێبینی بەشداربووان، کۆتایی بە سیمینارەکە هات.