سەنتەری هۆشیاریی پێشمەرگە و خاچی سوور زنجیرە سیمینارێك بۆ لیواکانی پیادە ئەنجام دەدەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی 16ی ئایاری 2022، سەنتەری هۆشیاریی پێشمەرگە بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لە هەرێمی کوردستان، لەبارەگای لیوای یهكی پیادە، زنجیرە سیمیناری (یاسای ناکۆکی چەکداری) بۆ لیواکانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگەیان دەست پێکرد.
لە سیمینارەکەدا، ئانا هاڵفۆرد بەرپرسی کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لە هەولێر، لوقمان ڕەشید کاکەیی بەرپرسی هەماهەنگی ئەمنی- سەربازی خاچی سوور، ئارام حوسێن خورشید بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی خاچی سوور لە کەرکووک، مقهدهم هێرش فەخری عەوڵا نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی هۆشیاری نیشتیمانی وەزارەتی پێشمەرگە، مقهدهم عەواد جەواد بەرپرسی بەشی هۆشیاری لیوای یهكی پیادە و سەرجەم ئەفسەران و کارمەندانی بەشی هۆشیاری لیوای یهك ئامادەبوون.
لە سەرەتای سیمینارەکەدا، لەلایەن بەرپرسانی ئامادەبووی خاچی سوور، باسی دروستبوونی کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور و ڕۆڵی لە کاتی شەڕەکان و ئەرک و ئامانجە مرۆیی و یاساییەکانی ڕێکخراوەکە کرا، جەخت کرایە سەر چۆنیەتی پاراستنی مرۆیی و یاسای ناکۆکی چەکداری و چۆنیەتی دروستبوونی یاساکانی جەنگ و ئەرکەکانی سەرباز لە کاتی شەڕ و ناکۆکیە چەکدارییەکان.
لە بەشێکی تری سیمینارەکەدا، پێوەرە یاساییەکانی چەکداری بەشێوەیەکی چڕوپڕ شیکرایەوە و زانیارییە یاسایی و مرۆییەکان بۆ ئامادەبووان خرایەڕوو.
دوا بڕگەی سیمینارەکە تایبەت کرا، بە تێبینی و پرسیار و سەرنجەکانی ئەفسەران و پێشمەرگە بەشداربووەکان و بۆچوون و زانیارییەکان ئاڵوگۆڕ کران.
سیمینارەکە دەرئەنجامی پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و خاچی سووری نێونەتەوەییە و تایبەتە بە ئەفسەران و کارمەندانی بەشی هۆشیاریی لیواکانی پیادە و سەرجەم لیواکان دەگرێتەوە، ئامانجیش لەم چالاکیە هاوبەشەی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و خاچی سوور بەرەوپێشبردنی بزاوتی هۆشیاری یاسایی و مرۆییە لەناو یەکەکانی پێشمەرگەی کوردستان.