جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، بنکەی ئیداری دهۆکی بەسەرکردەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی ٩ی ئایاری ٢٠٢٢، لیوا ڕوکن هۆشمەند حەیدەر ڕەشید جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، بە یاوەریی کۆڵۆنێڵ دۆگڵاس بەرپرسی ئۆفیسی هاریکاری ئاسایشی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و عەقید فەرمان زراری جێگری بەڕێوەبەرایەتی میرەی گشتی، سەردانی بنکەی ئیداری دهۆکی سەربە بەڕێوەبەرایەتی میرەی گشتییان کرد.
ئامانج لە سەردانەکە، بەسەر کردنەوەی ئەو بنکەیە بوو، کە لە ئایندەدا، پشتگیریەکی نزیکی ئەو یەکە سەربازییانەی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت، کە دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک.
بۆ ئەم مەبەستە، وا بڕیارە وەزارەتی پێشمەرگە، هەمان بنکە لە سنووری پارێزگای سلێمانیش بکاتەوە، وەک پشتگیریەک بۆ یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە سنووری پارێزگای سلێمانی.
هاوپەیمانان ڕۆڵیان هەیە لە پشتگیریکردن و هاوکاریکردنی ئەم بنکانە بۆ بەهێزکردنی یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە.