هێزەکانی پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێکیان لە چیای قەرەچووغ ئەنجام دا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی ۱٥ی ئایاری ٢٠٢٢، هێزەکانی پێشمەرگە بە سەرپەرشتی میحوەری شەشی پێشمەرگە، بە هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان، ئۆپەراسیۆنێکیان لە چیای قەرەچووغ ئەنجام دا، کە تیایدا لیوای ۱٤ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە و چەند یەکەیەکی هێزەکانی ٨۰ بەشدار بوون.
لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، تەواوی مۆڵگە و پەناگەکانی تیرۆریستان، کە لەسنووری ئۆپەراسیۆنەکەدا بوون تێکدران و بەشێکی زۆر و فراوانی چیای (قەرەچووغ)یان کێوماڵ کرد.
پاش شکستی تەواوەتی داعش پاشماوەکانی تیرۆرستانی داعش چیای قەرەچووغ وەک پەناگەیەک بەکار دێنن، بۆ تێکدانی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە و لێدان لە هێزە ئەمنیەکان و خەڵکی سڤیلی ناوچەکە.