ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە و شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا تاووتوێی پرسە سەربازی و تەناهییەکانیان کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ سێشەممە، ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، لیوا روکن بەختیار مەحەمەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ ئیڤەنس، پاشکۆی سەربازیی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
لەو دیدارەدا بە بایەخەوە باس لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کرا، هەردوولا هاوڕابوون لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی ناو کارنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا؛ جەختیان لەوە کردەوە "هەنگاویان ناوە و بەردەوام دەبن".
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا، گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق کرد، لەمبارەیەوە ئەمینداری گشتی ڕایگەیاند، "هەوڵەکانمان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق و سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی تری عێراق بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوە و تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش."
کۆڵۆنێل ئیڤەنس، ستایشی هەنگاوەکانی وەزارەتی پێشمەرگەی کرد لە ڕێکخستنەوەی هێزەکان و هەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازی، هەروەها قارەمانییەتی و ئازایەتیی پێشمەرگەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە بەرز نرخاند.