باڵیۆزی دانیمارک لە عێراق پشتیوانیی خۆی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتکردەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ دووشەممە، ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە کرستیان تۆرنینگ، باڵیۆزی دانیمارک لە بەغدا و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا کە عەمید روکن محەمەد سەعید، بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت و کۆڵۆنێڵ گیرت، پاشکۆی سەربازی لە باڵیۆزخانەی دانیمارک لە بەغدا ئامادەیبوون، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەکە دەڕبری و ڕۆڵی دانیمارکی وەک ئەندام لە هاوپەیمانییەتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەرزنرخاند.
پاشان هەردوولا چەند بابەتێکی وەکوو ڕەخساندنی زەمینەیەکی گونجاو بۆ باشترکردنی پەیوەندی و هەماهەنگییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق و دەستبەکاربوونی لیوا هاوبەشەکان سەرەرای لەمپەرەکانی بەردەم دەستبەکاربوونیان تاووتوێ کران.
لە تەوەرەیەکی دیکەی دیدارەکەدا، بارودۆخی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە، مەترسییە دەرەکی و هەرێمییەکانی سەر هەرێمی کوردستان گەنگەشە کران.
باڵیۆزی دانیمارک لە بەغدا روونیكردهوه "كه ئاستی پهیوهندییهكانی وڵاتهكهی لهگهڵ حكوومهتی ههرێمی کوردستان پێشوەچوونی بهخۆوه بینیوه"، هیوای خواست بتوانن ڕۆڵی باشتر ببینن وڵاتەکەی وەک ئەندامێکی ناتۆ لە عێراق لە پشتگیریی پێشمەرگە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق بەردەوام بن.
له كۆتایی كۆبوونهوهكهدا، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە هیوای خواست دانیمارک له هاوکاری و هەماهەنگییەکانی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام بێت، لەم ڕووەشەوە ئامادهیی وهزارهتی پێشمەرگەی بۆ هەر کارێک کە ئامانج لێی هاوکاری و گەشەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان بێت نیشان دا.