Skip to the content

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە و بەرپرسی تیمی راوێژکارانی هاوپەیمانان گفتوگۆی سەربازی و ئەمنییان کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ سێشەممە، ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ سۆریا بەرپرسی تیمی راوێژکارانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا بریکاری وەزارەت جەختی لە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان و پێکەوە کارکردن لەگەڵ راوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا کە پێویست دەکات هەموو لایەک بە بەرپرسیارەتییەوە بڕواننە مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، بە تایبەت مەترسییە هەرێمییەکان.

هاوکات پرسی چاکسازییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە و دوا هەنگاوەکانی درووستکردنی فیرقەکان و درووستکردنی یەک یەکەی ژمێریاری کە لە ساڵی ئایندەدا ئەنجوومەنی وەزیران بەرنامەیەکی تایبەتی دەبێت بۆ رێکخستن و درووستکردنی، تەوەرەیەکی دیکەی دیدارەکە بوون.

کۆڵۆنێڵ سۆریا دووپاتیکردەوە کە هاوپەیمانان بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردن و پێشکەشکردنی هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە و ئاماژەی بەوەدا کە هاوپەیمانان خوازیاری کارکردنی زیاترن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەم رووەشەوە ئامادەیی هەر هاوکارییەکی پێویستن.

دەربارەی ناوەرۆکی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، بریکاری وەزارەت روونیکردەوە کە دڵخۆشن بە دەرئەنجامەکانی ئەو لێکتێگەیشتنە و قۆناغەکانیش لەکاتی خۆیدا جێبەجێدەکرێن، بۆ یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە کە دواجار بە سوودی هێزی پێشمەرگە و حکوومەتی هەرێم دەبێت و هەنگاوێکیشە بۆ بنیاتنان و درووستکردنی هێزێکی تۆکمەی نیشتیمانی کە جێگەی رەزامەندیی هەمووان بێت.