Skip to the content

سەرۆكی ئەركان سەرپەرشتی کۆبوونەوەی دەوری فەرماندەی لیواكانی پیادەی کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنیەکانی عێراق و بەشداری سەرۆکی ئەرکان لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق و دۆخی ناوچە سنوریەکان و پرسی هۆشیاری نیشتیمانی و ئینتیمای نەتەوەیی، لەتەوەرە سەرەکیەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، فەریق روكن عیسی عوزێر سەرۆكی ئەركان بوو، لەگەڵ فەرماندەی لیواكانی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە.

لەو كۆبوونەوەیەدا، کە جێگرانی سەرۆکی ئەرکان و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی وەزارەت ئامادەی بوون، باس لە دوایین پێشهاتەکانی دۆخی ناوچە سنوریەکان لەڕووی ئەمنی و سەربازییەوە کرا.
لەو بارەیەوە سەرۆکی ئەرکان پوختەی دەرئەنجامەکانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراقی، بۆ ئامادەبووان باسکرد و رایگەیاند:
کە پێویستە هاوکاری و هەماهەنگی پێشمەرگە و لیواکانی پاسەوانی سنور بۆ باشترکردنی دۆخی سنورەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ باشتر بکرێت و هەماهەنگییەکان پەرەیان پێ بدرێت.
دواتر سەرۆكی ئەركان ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی وەزاەرتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری و هێزە ئەمنیەكانی دیكەی عێراقی كرد، کە لەو ماوەیەدا لەدۆخێکی باش دان و لە تەواوی بوارەکاندا کاری بەیەکەوەیی دەکەن، دەیانەوێت پەرە بەم پەیوندیی و هەماهەنگییە باشانە بدەن.

لە تەوەرێکی تری كۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەرکان، فەرماندەی لیواکانی راسپارد، کە هۆشیارتر بن و لە جاران زیاتر چاو کراوەتر بن و بایەخی زۆر بە دەوریە و بۆسەی لەناکاو بدەن، لەبەرئەوەی وەرزی زستانە و هەمیشە تیرۆریستان لەو کاتەدا هەلی کەش و هەوایان قۆستۆتەوە، بۆیە نابێت فەرماندەکان کەمتەرخەمی بنوێنن.
هەر لەکۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەرکان فەرمانی کرد، کە لە لیواکانی پیادە بایەخ بە پرسی هۆشیاری نیشتیمانی و ئینتیمای نەتەوەیی بدرێت و کۆڕ و سیمیناری تایبەت لەم بوارانەدا لەناو پێشمەرگەدا ئەنجام بدرێت، بەمەبەستی زیاتر هۆشیار کردنەوەی پێشمەرگە، هەروەها داکۆکی کرد کە لەناو یەکە سەربازیەکاندا رێگە نەدرێت بە هیچ شێوەیەک کاری حیزبایەتی بکرێت.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەرکان هیوای خواست کارنامەی پلان بۆ دارێژرا و لەسەر دروست کردنی فیرقەکان و جێبەجێ کردنی پڕۆژەکان لەکاتی خۆیدا بە سەرکەوتویی بە ئەنجام بگات.

 

راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە