هۆڵەندا دەیەوێت لە بەهێزترکردن و چاکسازیی پێشمەرگەدا پشتیوانیی زیاتر بکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ دووشەممە، ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، پێشوازی لە چیکۆ بيرندس، کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا و کۆڵۆنێڵ هانس، راوێژکاری سەربازیی وڵاتی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا، گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندییەکان و گرنگیی هاوکاری و هەماهەنگییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان و پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا کرد.
لەمیانی ئەو سەردانەی بۆ وەزارەتی پێشمەرگه، کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا، بەجیا لەگەڵ هەریەک لە فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان و لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەت کۆبووەوە.
لەمیانی کۆبوونەوەکاندا، جەخت لەسەر خێراتر جێبەجێکردنی پڕۆسەی چاکسازی و بەرەوپێشبردنی زیاتری توانای هێزەکانی پێشمەرگە و پەیوەندییەکانی هەردوولا کرایەوە.
لەمبارەیەوە کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا رایگەیاند: "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە پتەو و باشە، هەوڵ دەدەین زیاتر بەرەوپێشەوەی ببەین؛ لە پڕۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگەشدا بە ئامانجی بەهێزترکردن و تۆکمەترکردنی هێزەکانی پێشمەرگە هاوکار دەبین."
هەر لەچوارچێوەی دیدارەکاندا، لەلایەن وەزیری پێشمەرگە و ستافی باڵای وەزارەت، سوپاسی وڵاتی هۆڵەندا کرا بۆ ئەو هاوکارییانەی کە لەڕووی لۆجستی و راوێژکارییەوە پێشکەش بە پێشمەرگەیان کردووە، ئەمەش بە ئاماژەی پەرۆشی و دڵسۆزی ئەو وڵاتە بۆ هێزی پێشمەرگە لێکدرایەوە.