پشکنینی فێرکاری بۆ لیوای ٩ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام درا
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-بەڕێوەبەرایەتی پشکنینی گشتی (المفتشية العامة)ی وەزارەتی پێشمەرگە، بە مەبەستی باشترکردنی راپەڕاندنی ئەرک و کارەکانی لیواکانی پیادە و یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پڕۆسەی پشکنینی گشتیی فێرکاری بۆ لیواکانی پیادە و یەکە سەربازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام دەدات، ئەمەش بەپێی نەخشە رێگا و بەرنامە و پلانێکی ورد، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پشکنینی گشتی داڕێژراوە و وەزارەتی پێشمەرگەش پەسندی کردووە.
لە رۆژانی ٨ و ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی پشکنینی گشتی، پشکنینی فێرکارییان بۆ لیوای ٩ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجام دا.
لیژنەی پشکنەرانی وەزارەت، بە سەرپەرشتی لیوا روکن هۆگر سەڵاحەدین بەڕێوەبەری پشکنینی گشتی، بە ئەندامێتی عەمید روکن فەرهاد جێگری بەڕێوەبەری پشکنینی گشتی و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی پشکنەر، لە چەند بەشێکی جیاواز، تەواوی بەشەکانی بارەگای لیوای ٩ی پیادە و فەوجەکانیان، وەک کارگێڕی و تۆماری رۆژانە، کۆگای سووتەمەنی و چەک، کۆگای خۆراک و دەرمان، جبەخانە و ئامادەباشی فەوجەکان و سریەی کۆماندۆ و توند و تۆڵی و تۆکمەیی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەیان پشکنی، تیایدا رێکار و رێنمایی نوێیان بە تەواوی بەشەکانی لیواکە دا، لای خۆیانەوە بەشەکانی لیواکە ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان بەپێی ئەو رێکار و رێنماییە نوێیانە، کە لەلایەن پشکنەرانەوە پێیان دراوە، هەروەها کەم و کوڕی و پێداویستییەکانی لیواکەیان دەستنیشان کرد و رێگاچارەی پێویستیان بۆ دیاری کرد.
ئەم پڕۆسەیە بەردەوام دەبێت، تاوەکو سەرجەم لیوا و یەکە و دامەزراوەکانی وەزارەتی پێشمەرگە پشکنینیان بۆ ئەنجام دەدرێت.