Skip to the content

سەرۆکی ئەرکان و تیمی ڕاوێژکارانی سەربازیی ئەڵمانیا تاووتوێی پلانی هاوکاریی ساڵی ٢٠٢٣ دەکەن

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- پلانی هاوکاری و هەماهەنگییەکانی هێزەکانی ئەڵمانیا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لەساڵی ٢٠٢٣، لەڕووی لۆجستی و ڕاوێژکاری و بواری تەندرووستیی پێشمەرگە و کردنەوەی خولەکان و درووستکردنی قوتابخانەی ئەفسەرانی پۆل، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەرکانی پێشمەرگە و تیمی راوێژکارانی هێزەکانی ئەڵمانیا بوون.

ڕۆژی دووشەممە، ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئیدارە و میرە، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ مەشق و ئۆپەراسیۆنەکان، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و هەماهەنگی و ئەمین سڕی سەرۆکایەتیی ئەرکان، لەگەڵ تیمی ڕاوێژکارانی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا تاووتوێی پلانی هێزەکانی ئەڵمانیا بۆ ساڵی ٢٠٢٣، بەمەبەستی هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە لەڕووی لۆجستی، راوێژکاری و تەندرووستی و کردنەوەی خولەکان و بەشداریکردنی پێشمەرگە لە خولەکاندا لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان کرا.

لای خۆیەوە تیمی ڕاوێژکارانی هێزەکانی ئەڵمانیا بەڵێنیان دا بەردەوام بن لە هاوکارییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە و بەرزکردنەوەی تواناکانی پێشمەرگە.

سەرۆکی ئەرکان سوپاسی هێزەکانی ئەڵمانیای کرد و رایگەیاند: "هاوکاری و هەماهەنگییەکانی هێزەکانی ئەڵمانیا کاریگەرییەکی زۆری هەبووە لە بەرەوپێشبردن و بەرزکردنەوەی تواناکانی پێشمەرگە، هیوای خواست بەردەوام بن لە هاوکاریکردنی وەزارەتی پێشمەرگە."