Skip to the content

سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراقی کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە، ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، بە سەردانێکی فەرمی، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان بە یاوەری شاندێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، سەردانی شاری بەغدای کرد و زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی ئەنجام دا. 

لە یەکەم دیداریدا چاوی بە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کەوت. 
لە دیدارەکەدا سەرۆکی ئەرکان پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق کرد و هیوای خواست لەم پۆستە نوێیەدا سەرکەوتوو بێت و بتوانێت ئارامی و ئاسایشی وڵات سەقامگیرتر بکات و ئابووریی وڵات ببوژێنێتەوە.
هەروەها کار بکات بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی دا کە بەپێی پلانە هاوبەشەکانی پێشووتری نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەڕوات و کاردەکات بۆ باشترکردن و تۆکمەترکردنی ئەم پلانە بۆ ساڵانی داهاتووش.

پاشان سەرۆکی ئەرکان و شاندی یاوەری سەردانی وەزارەتی ناوخۆی عێراقیان کرد و لەلایەن فەریق یەکەمی روکن عبدولئەمیر شەممەری وەزیری ناوخۆ پێشوازییان لێکرا.
سەرۆکی ئەرکان پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە وەزیری ناوخۆ کرد و هیوای خواست لە پۆستی نوێیدا سەرکەوتوو بێت و بتوانێت تەبایی و یەکڕیزیی عێراق بپارێزێت.

دواتر شاندی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی وەزارەتی بەرگریی عێراقی کرد و لەلایەن سابت محەمەد عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراقەوە پێشوازییان لێکرا.
سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە وەزیری بەرگری کرد و هیوای خواست، لە ئەرکی نوێیدا سەرکەوتوو بێت و رۆڵی هەبێت لە باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوەش بۆ زیاتر بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئارامی لە  تەواوی ناوچەکانی عێراق بە گشتی.

دواتر شاندی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی فەریقی یەکەمی روکن عەبدولئەمیر یاروڵڵا، سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراقیان کرد.
لەم دیدارەشدا هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا گفتوگۆی لەبارەوە کرا، سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق بەڵێنی دا کە هاوکار دەبێت لەڕووی پەرەپێدان بە بەرزکردنەوەی تواناکان لە بواری مەشق و ڕاهێنان، هەروەها هاوکاری و هەماهەنگییە ئەمنییەکان لەنێوان هەردوولادا پەرە پێدەدات، لەپێناو باشترکردنی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە. 

پاشان شاندی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیان کرد و لەلایەن فەریق روکن قەیس محەمەداوی، جێگری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق پێشوازییان لێکرا.
سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە پۆستی نوێ لێکرد و هیوای خواست کە هەردوولا بەردەوامی بدەن بەو پەیوەندییە باشانەی کە لەنێوان هەردوولادا هەیە.

دوایین دیداری شاندی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ دەزگای دژەتیرۆری عێراق بوو؛ لەلایەن فەریقی یەکەمی روکن عەبدولوەهاب ساعدی، سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراقییەوە پێشوازییان لێکرا، لە گفتوگۆکانیاندا هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان هەردوولا پەرەی زیاتری پێ بدرێت، لەپێناو بەرقەرارکردنی ئارامی و ئاسایش لە تەواوی عێراقدا.