Skip to the content

شاندێکی باڵای سەربازیی هاوپەیمانان سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەی کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٣ی تشرینی دووەمی٢٠٢٢، شاندێکی سەربازیی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی جەنەراڵ پیتەر، بەرپرسی تیمی راوێژکارانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری، سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەیان کرد و لەلایەن ستافی باڵای پێشمەرگەوە پێشوازی لێکرا.

لە میانەی ئەو سەردانەیدا بەرپرسی تیمی راوێژکارانی هاوپەیمانان لە دوو دیداری جیادا لەگەڵ هەریەک لە فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەت کۆبووەوە.

لەو دیدارانەدا باس لە زیاتر بەرەوپێشچوون و خێراترکردنی هەنگاوەکانی  پێکهێنانی هەردوو لیوای هاوبەش کرا. ستافی باڵای وەزارەت ئاماژەیان بەوەدا کە پێویستە حکوومەتی عێراقی  هەنگاوەکانی خێرا بکات بە دابینکردنی بوودجەی پێویست و ئەرکدارکردنی هەردوو لیوا هاوبەشەکە، بۆ ئەوەی هەرچی زووە ئەو هێزانە ئاسایشی ناوچەکە بپارێزن.

لە کۆتایی دیدارەکاندا جەخت لەسەر خێراترکردنی پرۆسەی چاکسازی کرایەوە؛ لەلایەن ستافی باڵای وەزارەتیش  ڕۆڵی هاوپەیمانان لە بەردەوامیدان بە هەماهەنگی و هاوکارییەکان بەتایبەت لە بواری راوێژکاری و لۆجستی بەرز نرخێنرا.