Skip to the content

هەردوو حکوومەتی هەرێم و عێراق لەبارەی تەناهیی سنوورەکانەوە کۆبوونەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-لە درێژەی ئەو کۆبوونەوە هاوبەشانەی لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە تەناهییەکانی عێراق بەڕێوەدەچن، سەبارەت بە باشترکردنی دۆخی ئاسایشی عێراق بە گشتی و دۆخی سنوورەکان بەتایبەتی، ئەمڕۆ ٢٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، سەردانی بەغدای کرد و لە بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، بەشداریی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە و فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراقی کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە عەبدول ئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆ و فەریقی یەکەم روکن عەبدول ئەمیر یاروڵڵا، سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق و فەریق روکن قەیس محەداوی، جێگری فەرماندەی گشتیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و فەرماندەی پاسەوانی سنوور بەشدارییان تێدا کرد، باسیان لە دوایین پێشهات ڕووداوەکانی ناوچە سنوورییەکان بەگشتی و بەتایبەتیش ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری پێویست بۆ باشترکردنی ئاسایشی سنوورەکان
درا و لە ماوەی داهاتوودا ڕێوشوێنەکان پیادە دەکرێن.

سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە، سوورە لەسەر ئەوەی کەبەهیچ شێوەیەک رێگە نەدات ئاسایش و ئارامیی سنوورەکانی هیچ وڵاتێک لەناو خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە بکەوێتە بەر مەترسی؛ هەروەها هەرێمی کوردستان بەردەوام داکۆکی کردووە لە پاراستنی ئاسایش و ئارامیی سنوورەکان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ سەبارەت بە دۆزینەوەی ڕێوشوێنی گونجاو بۆ گەیاندنی هێزەکانی پاسەوانی سنوور و هێزەکانی پێشمەرگە بۆ هەموو ئەو ناوچە سنورییانەی کە پێویستن کرا.

شایانی باشە هەریەک لە دەوڵەتانی ئێران و تورکیا، لە ماوەی ڕابردوودا، بە بیانووی جیاجیا، هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان و بە زیانی ئاسایشی خەڵک و هەرێمی کوردستان و عێراق شکاوەتەوە.