هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا جەختیان لە هاوکاری و هەماهەنگییە سەربازی و تەناهییەکان کردەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە، ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە شاندێکی کونسوڵخانەی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان کرد کە پێکهاتبوون لە رۆدۆڵف ریچارد، جێگری کونسوڵی گشتی، کۆڵۆنێڵ تیرۆ فاڕۆڵ، پاشکۆی سەربازیی کونسوڵخانەی فەڕەنسا.
لە دیدارەکەدا، تاووتوێی بارودۆخی تەناهی و سەربازیی ناوچەکە و مەترسییە هەرێمییەکانی سەر هەرێمی کوردستان کرا.
هەردوولا جەختیان لە سەقامگیریی زیاتری هەرێم کردەوە و بە گرنگییەوە باسیان لە هەبوونی جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش و مەترسییەکانیان لە ناوچەکە کرد.
هەر لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی فەڕەنسا کرا.
شاندی میوان ئامادەیی خۆیان بۆ هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەک، لە پێناو باشترکردن و زیاتر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا دەربڕی.
لە تەوەرەیەکی تری دیدارەکەدا، باسیان لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کرد، بەتایبەت ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە هێزەکانی فەڕەنسا رۆڵیان هەبووە تیایاندا، هەروەها جەختیان لە گرنگی و کاریگەریی ئەم ئۆپەراسیۆنانە بۆ نەهێشتن و لەناوبردنی تیرۆریستان کردەوە.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەت سوپاسی هاوکاری و هەماهەنگییەکانی فەرەنسای کرد و گوتی گەل و حکوومەتی فەرەنسا لای ئێمەی کوردستانی شوێنێکی تایبەتی هەیە و سوپاسیان دەکەین بۆ هەموو ئەو هاوکارییانەی کە لەماوەی رابردوودا پێشکەش بە هێزەکانی پێشمەرگەیان کردووە.