Skip to the content

پشکنینی فێرکاری بۆ بنکەی مەشقی پیادەی سلێمانی ئەنجام درا

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- لە درێژەی کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە مەبەستی باشترکردنی کار و راپەڕاندنی ئەرک وکارەکانی لیواکانی پیادە و یەکە سەربازییەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، بە پێی پلانێکی تۆکمە، بەڕێوەبەرایەتیی پشکنینی گشتی، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، پڕۆسەی پشکنینی فێرکاری بۆ بنکەی مەشقی پیادەی سلێمانی ئەنجام دا. 

لیژنەی پشکنەرانی وەزارەت، بە سەرپەرشتیی لیوا روکن هۆگر سەلاحەدین، بەڕێوەبەری پشکنینی گشتی و بە ئەندامییەتیی عەمید روکن فەرهاد، جێگری بەڕێوەبەری پشکنینی گشتی و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی پشکنەر لە چەند بەشێکی جیاواز، گشت بەشەکانی وەک کارگێڕی و تۆماری رۆژانە، کۆگانی چەک و تەقەمەنی، کۆگای خۆراک و شێوازی راپەڕاندن و راییکردنی ئەرک و کارەکانی بنکەکەیان پشکنی. 

ئەمەش لەدوای ئەوەی، لە چەند رۆژی رابردوودا، ئۆتۆمبێلێکی تیمی پشکنەران تووشی رووداوی هاتوچۆ بوو و بووە هۆی برینداربوونی سێ ئەفسەر و کارمەندێک.

شایانی باسە ئەم پڕۆسەیە بەردەوام دەبێت و سەرجەم لیوا و یەکە و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە پشکنینیان بۆ ئەنجامدەدرێت.