پلانی مەشق و ڕاهێنانەکانی ساڵی ٢٠٢٣ی پێشمەرگە ڕاگەیەنرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ دووشەممە، ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، بە سەرپەرشتیی لیوا روکن نەجمەدین عومەر، جێگری سەرۆکی ئەرکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان، كۆبوونەوەی ساڵانە بۆ دانانی پلانی مەشق و ڕاهێنانی سەربازی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەیەکدا بەڕێوەبەرایەتیی مەشق بە وردی بەرنامە و پلانی مەشقی ساڵی ٢٠٢٣یان خستەڕوو، هاوکات جەختیان لە گرنگیی جێبەجێکردنی بەرنامە و پڕۆگرامەکانی ساڵانەی مەشق کردەوە و تیشكیان خستە سەر پابەندبوونی لیوا و یەكە سەربازییەكان بە كاتەكانی مەشق و راهێنان و پابەندبوونیان بە خشتەكانی مەشق و جێبەجێكردنی دسپلینە سەربازییەكان.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا نوێنەری سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی پەیوەست بە مەشق لە کۆلێژ و بنکەکانی مەشق و لیواكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، بۆچوون و تێبینیی خۆیان لەبارەی پلانی ساڵی نوێی مەشق خستەڕوو؛ ئامادەیی خۆشیان بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەكانی مەشق لە ساڵی داهاتوودا لە هەر یەک لە بنکەکانی مەشقی سلێمانی، دهۆک و کەرکووک پیشان دا.