ژمارەیەك ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگە لە بەغدا بەشداری له خوێندنی كۆلێژی ئەركان دەكەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە، ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، لە كۆبوونەوەیەكدا كە لە دیوانی وەزارەت بەرێوەچوو، كۆتایی بە ئامادەكارییەكانی ناردنی ٢٠ ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگە بۆ خوێندن لە كۆلێژی ئەركان لەبەغدا هات، كە بڕیارە لە ناوەڕاستى ئەم مانگەدا دەستپێبكات.
كۆبوونەوەیەكە بەسەرپەرشتیی لیوا حافز محەمەد عەلی، ئەمین سڕی ئەقدەم بەڕێوەچوو، تێیدا ئاماژە بە رێكارەكاني چۆنیەتیی خۆئامادەكردن بۆ خوێندنی ٢٠ ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگە كرا، كە بۆ یەكەمجارە ئەو ژمارە لە ئەفسەرانی پێشمەرگە بەشداری لە كۆلێژی ئەركانی بەغدا دەكەن.
ئاماژە بەوەش كرا ناردنی ئەفسەرانی هەرێمی كوردستان بۆ خوێندن لەو كولێژە لەسەر بڕیاری سەرۆكئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە بووە، باس لەوەش کرا ماوەی خوێندن له كۆلێژی ئەركان ساڵێك و شەش مانگە، له كۆتاییدا بڕوانامەی ماستەر به ئەفسەران دەدرێ.