کۆریای باشوور پشتگیرییەکانی بۆ وەزارەتی پێشمەگە دووپاتدەکاتەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، کۆڵۆنێڵ سن جانگ سوو، پاشکۆی سەربازیی باڵیۆزخانەی کۆریای باشوور لە عیراق، سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و لەلایەن عەمید روکن محەممەد سەعید، بەڕێوەبەری هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی وەزارەت پێشوازی لێکرا.
لەو دیدارەدا تاووتوێی باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وڵاتی کۆریای باشوور کرا، هاوکات پرۆسەی مەشق و کردنەوەی خولی دەرەکی بۆ ئەفسەران و کارمەندانی وەزارەتی پێشمەرگە گەنگەشە کران.
کۆڵۆنێڵ سن جانگ سوو، سوپاسی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگەی کرد بۆ هاریکاری و هەماهەنگیی باشیان لەگەڵ کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان، ئامادەیی خۆشی راگەیاند بۆ هەماهەنگی و هاوکاریکردن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بۆ پێشخستن و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان.