بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازی لە بەرپرسی تیمی راوێژکارانی هاوپەیمانان لە هەرێم کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێکەوتی ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ سۆریا، بەرپرسی تیمی ڕاوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا تاووتوێی ڕووداوەکانی ئەمدواییەی هەرێمی کوردستان و کاریگەرییان لەسەر ئارامیی ناوچەکە و عێراق کرد؛ هاوکات باس لە بارودۆخی عێراق و مەترسییەکانی سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان کرا.
هەر لەو دیدارەدا باس لە یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کرا، بەتایبەت ئەو بابەتانەی کە پەیوەندییان بە بواری چاکسازی و یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە هەیە، وەک ناوەرۆکی ڕێککەوتنەکە. لەم ڕووەوە بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، ئاماژەی بەوە دا کە یەکگرتنەوەی هێزەکان وەک پڕۆسە بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە و خۆشبەختانە تەواوی ئەو کێشانە لەڕووی بودجەوە چارەسەرکراون، بۆ ئەو هێزانەی کە تا ئێستا هاتوونەتە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.
هاوکات بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران دا بۆ درووستکردنی دوو فیرقەکە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە؛ گوتی: "هەنگاوەکان لەڕووی کردارییەوە بۆ هەڵبژاردنی ئەفسەرەکان بۆ فیرقەکان و پاشانیش مەشق راهێنانیان دەستیپێکردووە."
هەر لەو دیدارەدا گرنگیی قاعیدەی ئیسنادی دهۆک و سلێمانی باسکرا، بۆ پاڵپشتی و پشتگیریکردنی ئەو هێزانە.
لە کۆتاییدا هەردوولا بە گەشبینییەوە لە پێشکەوتنەکانیان ڕووانی و جەختیان لە پلانێکی نوێ بۆ ساڵی ئایندە کردەوە، ئەوەش بۆ زیاتر خێراکردن و بەردەوامیی چاکسازییە سەربازییەکان.