خولێکی لۆجستی لە میرەی گشتی تەواو بوو
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-لە چوارچێوەی پلانی بەڕێوەبەرایەتیی مەشقی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ مەشق و راهێنانی هێزی پێشمەرگە، ئەمڕۆ ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، لە میرەی گشتیی سەربازی، بە ئامادەبوونی لیوا رەفعەت، بەڕێوەبەری میرەی گشتی، مێجەر دینس، راوێژکاری هێزەکانی هۆڵەندا، کاپتن یوهانا، راوێژکاری بەشی راگەیاندنی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان، کۆتایی بە خولێکی لۆجستیی هێزەکانی پێشمەرگە هێنا.
خولەکە بۆماوەی دە رۆژ بەردەوام بوو، تێیدا ٣٥ پێشمەرگەی لیواکانی پیادەو هێزەکانی پشتیوانی ١ و ٢ بەشداربوون.
لەمیانی خولەکەدا، بەشداربووان مەشق و ڕاهێنانیان لەسەر چەکی نیشانەشکێنی جۆری قەناس کرد.
ڕاهێنان و پێشخستنی هێزەکانی پێشمەرگە بەشێوەیەکی زانستی، لە بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە و ئەو پڕۆسەیەش بە هاوکاریی توانای زانستی و مرۆیی هاوپەیمانان بەڕێوەدەچێت.