رۆب درایڤەر ماڵئاوایی لە وەزیری پێشمەرگەی هەرێم کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێکەوتی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۲، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ رۆب درایڤەر، دۆست و پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە کرد، کە بۆ ڕاگەیاندنی تەواوبوونی ئەرکەکەی سەردانی وەزارەتی کردبوو.
لە مەراسیمی ماڵئاواییکردنیدا، وەزیری پێشمەرگە، نیگەرانیی خۆی بە کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی دەربڕی، کە لە ماوەی رابردوودا دڵسۆزانە و لەخۆبردووانە هاوکارێکی کاریگەری پێشخستنی پڕۆسەی چاکسازیی پێشمەرگە بوو.
هەر لەو دیدارەدا، باس لە گەشتە سەرکەوتووەکەی تیمی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بۆ بەریتانیا بە هاوڕێیەتیی کۆڵۆنێڵ رۆب کرا.
لەو روانگەیەشەوە وەزیری پێشمەرگە بە بایەخی زۆرەوە، هەوڵ و هەنگاوەکانی جەیمس هیپ، وەزیری دەوڵەت بۆ هێزە چەکدارەکان لە بەریتانیا و ماڕشاڵ سامی سمپسن، راوێژکاری باڵای بەرگریی بەریتانیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بەرزنرخاند.
رۆب، لە ماوەی کارکردنی وەک راوێژکاری باڵای سەربازیی بەریتانیا، رۆڵێکی بەرچاوی بینی لە بەرزکردنەوەی توانا سەربازییەکان و بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و پتەوکردن و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ حکوومەتی بەریتانیا.
لە کۆتاییدا بەناوی وەزارەتی پێشمەرگه، رێزلێنانی پێکەوەکارکردن و بەخششەکانی پێبەخشرا.