سیمیناری یاسای ناکۆکی چەکداری بۆ فەرماندە سەربازییەکان لە سلێمانی بەڕێوەچوو
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی دوشەممە ڕێکەوتی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، لە درێژەی کار و چالاکییە هاوبەشەکان و هەماهەنگی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و کۆمیتەی خاچی سوری نێونەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان ، لەشاری سلێمانی قۆناغی یەکەمی سیمیناری تایبەت بە فەرماندەی لیواکانی پیادە و یەکەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لەژێر ناونیشانی ( یاسای ناکۆکی چەکداری) بەڕێوەچوو.
لە سیمینارەکەدا، عەمید عوسمان محەمەد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و هۆشیاری و نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە، عەمید شوان مەحمود، جێگری بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و هۆشیاری، ڕاگری کۆلێژی ئەرکان، فەرماندەی لیواکانی( ١، ٥، ٦، ٩، ١١، ١٦، ١٧، ٢٢ )ی پیادە و فەرماندە و جێگری فەرماندەی بنکەکانی مەشقی پیادەی کەرکوک و سلێمانی، کۆڵۆنێڵی خانەنشین ئۆلیڤێ نوێنەری خاچی سور و ستافی نوسینگەی سلێمانیی خاچی سور، ئامادە بوون.
سیمینارەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕزگاری کوردستان دەستی پێکرد، وتەی بەخێرهاتن لەلایەن بەڕێوەبەری هۆشیاری نیشتیمانی خوێندرایەوە، و بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و هۆشیاری، بە نوێنەرایەتیی وەزارەتی پێشمەرگە، وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەناوی وەزارەتی پێشمەرگەوە سوپاسی ئامادەبوونی فەرماندەکانی کرد و دەستخۆشی لە خاچی سوری نێونەتەوەیی کرد، بۆ ئەو زنجیرە سیمینارانەی، کە بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە ئەنجامیان داون.
بەرپرسی ئۆفیسی سلێمانی خاچی سور، لە وتەیەکدا رایگەیاند: پلانێکی ٣ ساڵەمان بۆ هەماهەنگیی و کاری هاوبەش هەیە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و کاری لەسەر دەکەین. و لە بەشی دووەمی سیمینارەکەدا، کۆڵۆنێڵ ئۆلیڤێ نوێنەری خاچی سور، لەچەند تەوەر و بڕگەیەکدا، یاسای ناکۆکی چەکداری و بنەما سەرەکیەکانی یاسای جەنگ و پەیڕەو کردنی لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکاندا، پێشکەش کرد.