لە بنکەی مەشقی پیادەی کەرکوک کۆتایی بە خولی فەرماندەی دەستەکان هات
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- لە چوارچێوەی بەرنامەی مەشق و راهێنانەکانی بەڕێوەبەرایەتیی مەشقی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە مەبەستی پەرەپێدان بە تواناکانی هێزەکانی پێشمەرگە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ۲۰ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۲، لە بنکەی مەشقی پیادەی کەرکوک، کۆتایی بە خولی پەرەپێدانی فەرماندەی دەستەکان هات.
لە خولەکەدا ۷٥ کارمەندی لیوای ٢ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە بەشداربوون و بۆ ماوەی پێنج هەفتە بەردەوام بوو؛ تیایدا بەشداربووان بە زانستی سەربازیی نوێ و سەردەمیانە ئاشنا کران.
هاوکات لە ماوەی خولەکەدا، بەشداربووان مەشقی جەستەییان ئەنجام دا.
شایانی باسە لە خولەکەدا، بەشداربووان بەشێوەی تیۆری و کرداری مەشق و ڕاهێنانەکانیان ئەنجام داوە، کە لەلایەن ئەفسەران و مامۆستایانی بنکەی مەشقی پیادەی کەرکوک بەڕێوەدەبران.