Skip to the content

وەزیری پێشمەرگە بە جیا لەگەڵ وەفدی ئەمریکا و ئەڵمانیا و کۆریای باشوور کۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، لە سێ دیداری جیاجیادا، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، لەگەڵ ژمارەیەک ئەندامی لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی ئەڵمانیا و وەفدێکی لیژنەی تەرخانکردنی دارایی بەرگریی ئەمریکا و پاشکۆی سەربازیی کونسوڵخانەی کۆریای باشوور لە هەولێر، کۆبووەوە.

لە دیداری یەکەمدا، وەزیری پێشمەرگە پێشوازی لە شاندێکی کۆمیتەی بەرگریی پەرلەمانی ئەڵمانیا کرد، بە سەرۆکایەتیی سارا نانی، سەرۆکی کۆمیتەی بەرگری لە پەرلەمانی ئەڵمانیا و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی پارتە جیاجیاکانی پەرلەمانی ئەڵمانیا.

لە دیدارێکدا کە فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکان و لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتی ئامادەی بوون، وێڕای خستنەڕووی پوختەیەک لەسەر پڕۆسەی چاکسازیی پێشمەرگە لەلایەن وەزیری پێشمەرگە، پەیوەندییەکانی ئەڵمانیا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان، درێژکردنەوەی ئەرکی ھێزەکانی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کە لەلایەن پەرلەمانی ئەڵمانیاوە بڕیاری لێدرا، ھەروەھا مەترسییەکانی داعش و دۆخی ناوچەکەیان بەگشتی تاووتوێ کرد.

وەزیری پێشمەرگە، سەردانی شاندی پەرلەمانی ئەڵمانیای بە پشتگیری بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق لە قەڵەم دا و سوپاسی پەرلەمان، حکوومەت و گەلی ئەڵمانیای کرد بۆ درێژکردنەوەی ئەرکی ھێزەکانی وڵاتەکەیان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان؛ ھەروەھا پێزانینی ھەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیریی‌ سەربازی و مرۆیی ئەڵمانیا لە کاتی شەڕی داعشدا دووپاتکردەوە.

لە وێستگەی دووەمی دیدار و کۆبوونەوەکانیدا، وەزیری پێشمەرگە لەگەڵ شاندێکی ستافی لیژنەی تەرخانکردنی دارایی بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی دەیڤد بۆرتنیك و ئەندامێتی هەریەک لە ئاریانا سەرار، مات باوەر و بە یاوەری بەرپرسانی ئۆفیسی ھاوکاریی سەربازیی عێراق لە کونسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ھەولێر کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر جێبەجێکردنی بڕگە و خاڵەکانی نێو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان پنتاگۆن و وەزارەتی پێشمەرگە کرایەوە.

وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، "پێزانینی زۆرمان بۆ هاوکارییە دارایی و لۆجیستی و راوێژکارییەکانی ئەمریکا هەیە. لەم ڕوانگەیەشەوە سوپاسی گەل و حکومەت و سوپای ئەمریکا دەکەم."

لە دوا دیدار و کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی وەزیری پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ سۆن چانگ سوو، پاشکۆی سەربازیی کونسوڵخانەی کۆریای باشوور لە هەرێم کرا.

لە دیدارێکدا، بیروڕا لەسەر دۆخی ئێستای ناوچەکە و پەیوەندییەکانی پێشمەرگە لەگەڵ هاوپەیمانان و سوپای عێراق، ئاڵوگۆڕا کرا.
کۆلۆنێڵ چانگ سوو، ویستی وڵاتەکەی بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە دووپاتکردەوە، ئەوەش لەپێناو بەرقەراربوونی ئاشتی و ئارامیی ناوچەکە.