وەزیری پێشمەرگە پێشوازی لە جەنەڕاڵ پیتەرس دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، پێشوازی لە جەنەڕاڵ پیتەرس، بەرپرسی دەستەی ڕاوێژکارانی باڵای هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا، کە هەریەک لە لیوا روکن ئیبراهیم و لوقمان چاوڕەش، راوێژکارانی وەزیری پێشمەرگه ئامادەی بوون، تیشک خرایە سەر پرسی بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکە و جموجۆڵی تیرۆریستان لە ناوچە جێناکۆکەکان و گرنگیی دەستبەکاربوون و رۆڵبینینی دوو لیوا هاوبەشەکەی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی لە ناوچە جێناکۆکەکان هەیە پڕبکەنەوە.
وەزیری پێشمەرگە، جەختیکردەوە، کە وەزارەتی پێشمەرگە لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەکان لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.