ئەمینداری گشتی و سەرۆکی لیژنەی ڕێکخراوی جینیڤا کۆڵ لە عێراق کۆبوونەوە.
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتی ٥ی تشرینی یەکەمی ۲۰۲۲، لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە عاتف حەمید، بەرپرسی لقی عێراقی بانگەوازی جنێف و وەفدێکی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا گفتوگۆی هەمەلایەنە و بایەخدار لەسەر پێویستی و گرنگیی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و مافی دیل و جێبەجێکردنی یاساکانی جەنگ کرا.
ئەمینداری گشتی رایگەیاند: "پێشمەرگە و كوردستان بەگشتی رێزی زۆرمان لە مافی مرۆڤ گرتووە؛ لەماوەی ڕابردووشدا بە ئامانجی بەرزکردنەوەی هۆشیاری لەمەڕ بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی لەسەر گشت ئاستەکانی هێزەکانی پێشمەرگە خولی جۆراوجۆرمان کردۆتەوە، ئەوەش لەپێناو پەرەپێدانی میکانیزمی گشتگیر و پێشنیازی پێویست بۆ پاڵپشتیکردنی پیادەکردنی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی و پیشاندانی پابەندبوونی هێزەکانی پێشمەرگە بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە کاتی جەنگدا."