ئەمینداری گشتی پێشوازی لە بەرپرسی دەستەی راوێژکارانی باڵای سەربازیی هاوپەیمانان لە عیراق و هەرێمی کوردستان کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، لیوا روکن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە جەنەڕاڵ پیتەرس بەرپرسی دەستەی راوێژکارانی باڵای سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا، باس لە هەماهەنگی و بەرنامەی کاری هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق کرا.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، تیشکیان خستە سەر بارودۆخی ئەمنیی ناوچە جێناکۆکەکان و گرنگیی دەستبەکار بوون و ڕۆڵبینینی دوو لیوا هاوبەشەکەی نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییانەی لە ناوچەکاندا هەیە.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە جەختی کردەوە لەسەر هەوڵی بەردەوامی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەکان لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا.