Skip to the content

ئەڵمانیا بە بەرزکردنەوەی توانا سەربازییەکانی پێشمەرگە دڵخۆش و گەشبینە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە یاوەری شاندی لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی وڵاتی ئەڵمانیا، بە سەرۆکایەتیی سارا نانی و کلاوس شترایشەر کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و کۆڵۆنێڵ ماتیاس راوێژکاری سەربازیی هێزەکانی ئەڵمانیا لە وەزارەتی پێشمەرگە، نەخۆشخانەی پێشمەرگەیان بەسەرکردەوە.

لە کۆبوونەوەیەکدا، کە لیوا روکن هۆشمەند حەیدەر جێگری سەرۆکی ئەرکان و بەڕێوەبەری کاروباری پزیشکیی وەزارەت و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی پێشمەرگە ئامادەی بوون، سەرۆکی ئەرکان سوپاسی شاندی وڵاتی ئەڵمانیای بۆ ئەو کۆمەک و هاوکاریانە کرد کە پێشکەش بە پێشمەرگەیان کردووە و رایگەیاند، "لە چوارچێوەی ئەو کۆمەک و هاوکارییەکاندا، نەخۆشخانەی پێشمەرگە دیارییەکی بەنرخی حکوومەت و گەلی ئەڵمانیایە بۆ پێشمەرگە، هەروەها لە کاتی شەڕی داعشدا لەڕووی لۆجستی و چەک و تەقەمەنییەوە، هاوکارییەکی باشی پێشمەرگەیان کردووە، لەناویاندا پێدانی چەکی کاریگەری میلان بووە."

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "نەخۆشخانەی پێشمەرگە لەلایەن ئێمەوە گرنگی و بایەخێکی زۆری هەیە، دڵخۆشین بە دروستکردنی ئەو نەخۆشخانەیە خزمەت بە پێشمەرگە بکەین. بۆیە کۆمەک و هاوکاری و هەماهەنگییەکانی ئەڵمانیا بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبێت."

پاشان سەرۆکی شاندی لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی ئەڵمانیا لە گوتەیەکدا رایگەیاند، "پەرلەمانی ئەڵمانیا بە هێشتنەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق کارێکی گرنگی کردووە"، خۆشحاڵیی خۆی پیشان دا بەوەی، سەردانی بەشێک لە سەربازگەکانیان کردووە و کاریگەریی هاوکاری و تیمە راوێژکارییەکانی ئەڵمانیایان لە بەرزکردنەوەی توانا مرۆیی و لۆجستییەکانی پێشمەرگە بینیوە.