Skip to the content

سەرۆك ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە پێكهێنانی فیرقەكانی کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕێکەوتی ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، بە سەرپەرشتیی فەریق روكن عیسا عوزێر، سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە و بە ئامادەبوونی  نوێنەری هێزەكانی ٧٠ و ٨٠ و نوێنەری هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی تایبەت سەبارەت بە پێكهێنانی دوو فیرقەی سەربازی بەرێوەچوو، كە پێشتر بە مەبەستی كۆكردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە  و چوارچیوەی سەربازی بۆ سەرکردایەتی و جڵەوکردن، بڕیاری پێكهێنانی لەسەر درابوو.

لە میانەی گوتەكانیدا، سەرۆكی ئەركان بە وردی تیشكی خستە سەر گرنگیی پێكهێنانی فیرقەكان و  هەماهەنگی لە نێوان میحوەرەكان و یەكە سەربازییەكانی تر. 
جەختیشی کردەوە "وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت لە گۆڕانكارییەكان و چاودێریكردنی ئەو فەرمان و بڕیارانەی بۆ رێكخستەوەی هێزەكانی پێشمەرگە دەركراوە".

هەر لە كۆبوونەوەكەدا كە ژمارەیەك لە فەرماندە و بەرێوەبەری بەشەكانی وەزارەتی پێشمەرگە بەشدارییان تێدا كرد، چەندین سەرنج و پێشنیار لەلایەن نوێنەری هاوپەیمان و ئامادەبووانەوە پێشكەشكران و گفتوگۆی پێویستیان لەبارەوە كرا.