سەرۆکی ئەرکان و راوێژکاری سەربازیی هێزەکانی ئەڵمانیا گفتوگۆیان لەبارەی هاوکارییەکان کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- هاوکاری و هەماهەنگییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان و برەودان و بەرەوپێشبردنی نەخۆشخانەی پێشمەرگە، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆی سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و راوێژکاری سەربازیی وڵاتی ئەڵمانیا بوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، فەریق روکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ ئیکۆ، راوێژکاری سەربازیی وڵاتی ئەڵمانیا لە وەزارەتی پێشمەرگە کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا، تاووتوێی هاوکاری و هەماهەنگییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کرد.
هەروەها گفتوگۆیان لەبارەی کاروبارەکانی نەخۆشخانەی پێشمەرگە و شێوازی برەودان و بەرەوپێشبردن و فراونکردنی نەخۆشخانەی پێشمەرگە کرد.
سەرۆکی ئەرکان لەپای ئەو هاوکاری و هەماهەنگییانەی کە پێشکەش بە هێزەکانی پێشمەرگەی کردووە، سوپاسی وڵاتی ئەڵمانیای کرد. بەتایبەت لە بواری تەندرووستی و درووستکردن و بەرەوپێشبردنی نەخۆشخانەی پێشمەرگە.
کۆڵۆنێڵ ئیکۆ، بەڵێنی دا هاوکاری و هەماهەنگییەکانیان بەردەوام دەبێت و هاوکار دەبن بۆ فراوانکردن و بەرەوپێشبردنی نەخۆشخانەی پێشمەرگە.