فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی یەک پێشوازی لە وەفدێکی ھاوپەیمانان کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ شەممە، ڕێکەوتی ٢٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢، سیھاد بارزانی، فەرماندەی فەرماندەیی ھێزەکانی پشتیوانیی یەک، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ پیتەرس بەرپرسی دەستەی راوێژکارانی باڵای هاوپەیمانان لە عێراق و کۆڵۆنێڵ سۆریا، جێگری بەرپرسی دەستەی راوێژکارانی باڵای هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا گفتوگۆیان لەبارەی بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکە و مەترسییەکانی داعش و جموجۆڵی تیرۆریستان لە ناوچە کوردستانییەکان بە هۆی هەبوونی بۆشایی ئەمنی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانی عێراق کرد.
هەردوولا جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە هەوڵبدرێت بە زووترین کات ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕبکرێتەوە، بە مەبەستی نەهێشتنی مەترسیی ئەمنی لە ناوچەکەدا.
دواتر شاندی میوان مۆزەخانەی فەرماندەییان بەسەرکردەوە، کە تایبەتە بەو کەلوپەلانەی تیرۆرستانی داعش، وەکو بۆمب و تەقەمەنی و جلوبەرگ، کە لەکاتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، لەلایەن کەتیبەی ھەندەسەی فەرماندەیی ھێزەکانی پشتیوانیی یەک پوچەڵ کراونەتەوە و دەستیان بەسەردا گیراوە.
لای خۆیانەوە، شاندی میوان ستایشی پاڵەوانێتی و قوربانیدانی هێزەکانی پێشمەرگەیان کرد، هەروەها بە بینینی کار و چالاکییەکانی کەتیبەی ناوبراو سەرسام بوون و دەستخۆشیان لە فەرماندە و ئەفسەر و پێشمەرگەکانی هێزەکانی پشتیوانیی یەک کرد، کە کارێکی بێوێنەیان ئەنجام داوە، لەشەڕی دژی تیرۆریستانی داعش.
لای خۆیەوە، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی یەک سوپاسی هاوکاری و هەماهەنگییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانانی کرد، کە پێشکەش بە هێزەکانی پێشمەرگەیان کردووە لە بوارەکانی لۆجستی و راوێژپێدان، هیواشی خواست کە هاوکاری و هەماهەنگییەکان بەردەوام بن.