Skip to the content

وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی هاوکاری و هەماهەنگییەکانی ئەڵمانیا دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، عەمیدی ئەندازیار نەبەز سەلاح، بەڕێوەبەری چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ تۆم ڕاوێژکاری سەربازیی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا گفتوگۆیان لەبارەی پڕۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە کرد.
لای خۆیەوە کۆڵۆنێڵ تۆم پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دووپات کردەوە.

هەر لە دیدارەکەدا، هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر پەیوەندی و هەماهەنگییەکانی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق کرد.

لەمبارەوە ڕاوێژکاری سەربازیی وڵاتی ئەڵمانیا ڕایگەیاند: "کار دەکەین بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە."

هەروەها ڕایگەیاند: "وەك ڕاوێژکاران هەوڵ دەدەین بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆژەکانی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی، بەتایبەت ئەم پڕۆژانەی کە پەیوەستن بە وڵاتی ئەڵمانیا، وەك پڕۆژەی ئەفسەرانی پۆل و پڕۆژەی نەخۆشخانەی پێشمەرگە و چەند پرۆژەیەکی تر، کە پەیوەستن بە باشترکردنی گوزەرانی پێشمەرگە."

بەڕێوەبەری چاکسازی، سوپاسی پاڵپشتییەکانی وڵاتی ئەڵمانیا و ڕاوێژکارەکانی هاوپەیمانانی بەگشتی کرد، بۆ هەموو ئەو هاوکاری و هەماهەنگییانەی کە پێشکەش بە هێزەکانی پێشمەرگەیان کردووە، بۆ بەرەوپێشچوونی پڕۆژەکانی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی.

لەکۆتایی دیدارەکەدا، جەخت لە بەردەوامیی ئەم دیدارانە کرایەوە، بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ و بە بەردەوامی سەرنج و پێشنیارەکان باسبکرێن و ئاسانکاری بۆ بەرەوپێشچوونی پڕۆژەکان بکرێت.