ئەمریکا چاکسازییەکانی بواری پێشمەرگە بە گرنگ باس دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، لە چوارچێوەی دوو کۆبوونەوەی جیادا، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە پێشوازی لە جەنەڕاڵ دۆسیچ بەرپرسی تیمی ڕاوێژکارانی هاوپەیمان لە عێراق و کۆلۆنێڵ سۆریای جێگری بۆ کاروباری هەرێم و کۆڵۆنێڵ سامبۆرن بەرپرسی تیمی ئۆفیسی هاریکاریی ئاسایشی ئەمریکا لە هەرێم و وەفدێکی یاوەریان کرد.
لە هەردوو دیداردا کە سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەت و فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکان و لیوا روکن بەختیار محمد سدیق ئەمینداری گشتیی ئامادەی بوون، دوایین پێشهاتەکانی عێراق و کوردستان تاووتوێ کران و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پەیوەندییەکانی هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانان لە ئەنجامدانی کاری هاوبەش بۆ بنبڕکردنی هەڕەشە و جموجۆڵەکانی داعش کردەوە.
هاوکات جەنەراڵ دۆسیچ کۆتایی ئەرکەکەی لە عێراق ڕاگەیاند و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بە هەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا؛ ڕایگەیاند "پەیامی چاکسازیتان بۆ هەمووان جێگای ئومێد و دڵخۆشییە".
وەزیری پێشمەرگە سوپاس و پێزانینی وەزارەتی پێشمەرگەی گەیاندە هێزی هاوپەیمانان و هێزەکانی ئەمریکا بەتایبەتی و ڕایگەیاند "هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگە جێگای بایەخی وەزارەتی پێشمەرگەیە".
لە کۆبوونەوەی دووەمدا
شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ سامبۆرن، بەرپرسی تیمی ئۆفیسی هاریکاریی ئاسایشی ئەمریکا لە هەرێم و وەفدێکی یاوەریان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر هەنگاوەکانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند "لە هەوڵەکانمان بە هاوکاریی دۆستەکانمان لە خێراترکردنی هەنگاوەکانمان بەرەو چاکسازیی هەمیشەیی بەردەوام دەبین، تا بتوانین لە ڕێگای چاکسازییەکانەوە هێزێکی نیشتیمانیی تۆکمە و بەهێز درووستبکەین تا لە هیچ جوڵەیەکی تیرۆریستان نەسڵەمینەوە و بتوانین ژیان و گوزەرانی پێشمەرگەش ببەینە ئاستێکی باش".
کۆڵۆنێڵ سامبۆرن ڕایگەیاند "هەوڵ و هەنگاوەکانتان بۆ چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە جێگای بایەخی ئێمەیە بۆ درووستکردنی هێزی یەکگرتووی نیشتیمانی و هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت".